ئەوا هەوری ڕەشه و تەرزه دەبارێ

چرۆی دارم وەری و نەیماوه بارێ

له پێش چاوم که وت شانۆی بەهارێ

که تیری ناحەقی دوژمن به جارێ

ڕماندی کۆشکی بەرزی کوردەواری

نەما شادی له دێهات و له شاری

شەهیدی سوورخەڵاتی میللەتی کورد!

دژی گەل ، چی له تۆ کرد چی له تۆ کرد

بلیمەت، شاریکەندی، عالمی ورد

له ڕێبازی ژیانی گەل وەکوو پرد

له ژێر هەوری غەما، ون، ئەو هەتاوه

ئەوه شینی کوڕانی تازه لاوه

له تاسەی شاریکەندی دانراوه

که داخی وی له دڵدا ماوه ماوه

قەسەم بەو خوێنه پاکەی لێی ڕژاوه

قەسەم بەو مێشکه ڕوونەی لێی پژاوه...

2ی خاکەلێوەی 1396ی هەتاوی هاوڕێکەوته دەگەڵ 35ـە­مین ساڵوەگەڕی ماڵئاوایی خوێنینی سوورخەڵاتی ڕێبازی "کوردایەتی و ئیسلامەتی" و شەهیدی ڕچەی نیشتمان دۆستی و ئایین پەروەری و ئەندێشه سەروەری و خوادۆستی و گەل ویستی و ڕاستی و پاکی ودڵڕووناکی، عەللامه مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندی.

مامۆستا شاریکەندی له شەوی سێشەممە، 7ی پووشپەڕی 1305ی هەتاوی له گوندی "سێوە­دین" سەر به شاری بۆکان له بنەماڵەیەکی هە­ژاری ئایینی و نە­تە­وه پەروە­ر هاتۆتە دنیا و باوکی "مەلا قادر" خە­ڵکی گوندی "شاریکەند"ی بۆکان، و دایکی "ڕابێعه" خەڵکی "گەردیگلان"ی سەقز بووه. سەرەتاکانی خوێندنی له حوجرەی باوکی دەست پێدەکا و دوای کۆچی دوایی باوکی له تەمەنی 10 ساڵیدا  سەرلەنوێ دەگەڕێتەوه بۆ زێدی باوکی واته "شاریکەند". دواتر له حوجرەکانی موکریان و له فێرگەی زانا ئایینییه نێوبەدەرەوەکانی ئەو سەردەمه وەک "مامۆستا مەلا عەلی وەڵزی "له حەمامیانی بۆکان و "مامۆستا مەلا عەلی ڕەببانی"  له بوغدەکەندی سەقز و "عەللامه مەلا حوسێن مەجدی" له فێرگەی مزگەوتی بازاڕی مەهاباد سەرجەم زانسته باوەکانی ئایینی به شیاوی و به قووڵی و به وردبینییەکی ڕەخنه-تەوەرەوه دەخوێنێ و لەو ماوەیەدا وشیاری و زیرەکی و توانست و بڕشتی بیرگه و زەینی عاجباتی ئەو فەقێ بلیمەت و هەڵکەوتەیه و ڕادەی ئاگاداری ئەو له دەقه پیرۆزەکان و پەرتووک و کتێبه باوەکانی ناو فێرگه ئایینییەکان و هەروەها ڕا و بۆچوونی جیاواز و شڕۆڤەکارانەی خۆی له سەر ناوەڕۆکی زۆرێک لەم کتێب و پەرتووکانەی وەک وانه و دەرس خوێندبووی، ببووه هۆی سەرسوڕمانی له ڕاده به دەری مامۆستاکانی خۆی و مامۆستاکان و خوێندکارانی فێرگەکانی تری موکریان و دەرەوەی موکریان. ئەم هەڵکەوتەیی و بلیمەت بوونەی ببووه هۆی ناو و ناوبانگ دەرکردنی له سەرجەم فێرگه ئایینییەکان، تا ئەو جێیەی که یەکێک له ئاواتەکانی خوێندکار و فەقێیەکانی ئەو سەردەمەی موکریان و دەرەوەی موکریان ئەوه دەبێ که هەل و بواری ئەوەیان بۆ بڕەخسێ که فەقێ عەبدولکەریمی نابیغه و هەڵکەوته به چاوی خۆیان ببینن. مەشهووره که عەللامه مەلا حوسێن مەجدی  گوتوویه: دوای په نجا ساڵ دەرس گوتنەوه به پتر له 200 فەقێ، له مەلا کەریم وشیارتر و زاناتر و قووڵتر و وردبینترم چاو پێ نەکەوت. له هەموو فەقێکانم خۆشتر دەوێ و له هەموویانم پتر هیوا پێیه بۆ دواڕۆژی میللەتی کورد.

مامۆستا شاریکەندی له ساڵی 1331،  له فێرگەی مزگەوتی بازاڕی مەهاباد و له دەست مامۆستای زانا و ناوداری کورد عەللامه مەلا حوسێن مەجدی(= وه زیری داد/ 1946) بڕوانامه و ئیجازەنامەی ئیجتیهاد و مودەڕیسی وەردەگرێ و ماوەیەک له گوندی خەلیفەلیانی ناوچەی سندووسی نەغەده  وتاربێژ و دەرسوێژ و پێشنوێژ دەبێ و هەر لەو ماوەیەدا حەمه ڕەزا شا دێته ناوچه و مامۆستا شاریکەندی وەک مەلاکانی تر ناچێ بۆ پێشوازی له شا. ساواک له دووی دەنێرێ و ئەویش هەلەکه دەقۆزێتەوه و به شا دەڵێ ئەمن تەمام نه بوو بێم بۆ پێشواز بەڵام ئێستا که به داخوازی ساواک و به زۆری و به تۆپزی هاتووم پێم خۆشه زوڵم و حەقخۆری و زێف و زۆری و زۆرەملی بەرپرسەکان و کاربەدەستانی ناوچەت به تێر و تەسەلی بۆ باس بکەم چونکه دڵنیام جیا له من ئەو شتانەت له کەسی دی گوێ لێ نابێ و کەسی تر ئەو خزمەتەت پێ ناکا که من پێت دەکەم!!! ماوەیەک دواتر و دوای ڕۆیشتنەوەی شا بۆ تاران، ساواک ماوەیەک مامۆستا شاریکەندی دەسبەسەر دەکا و ئازاری دەدا و مەجبوور دەبێ لەو ناوچەیە کۆچ بکا و بڕوا.  

مامۆستا شاریکەندی له ساڵی 1341 ڕا تا نزیکەی 10 ساڵ له "فێرگەی گەورەی زانسته دینییەکانی مزگەوتی سوور"ی مەهاباد هاوڕێ دەگەڵ مامۆستا خۆشەویستەکەی، عەللامه مەجدی و چەندین مامۆستای زانا و ناوداری تر کتێب و بابەتەکانی زانستەکانی فەلسەفه و حیکمەت و کەلام و تەفسیر و مێژووی ئیسلامی گوتەوه و خوێندکار و فەقێی زۆر زانا و لێهاتوویان په روەرده کرد که زۆربەیان دواتر بوونه دەرسوێژ و مودەڕیسی ناوداری ناوچه و هەروەها بەشێکی زۆریان بوونه مامۆستای زانکۆ و نووسەر و وێژەوان و قازی و کەسایەتی ڕامیاریی نەتەوه پەروەر. دوای داخرانی ئەم فێرگه گەوره ئایینییه له لایەن دەسەڵات لە ساڵی 1351 ڕا مامۆستا شاریکەندی بوو بە مامۆستای قوتابخانه دواناوەندییەکان و بووه به خۆشەویست و جێی بڕوا و باوەڕی له ڕاده بەدەر و بێ وێنەی لاوان و خوێندکاران له بواری زانستی و ئایینی و فیکری و مەعریفی و کوردناسی و تەنانەت له بواری وێژەیی و کەلتوورییەوه. مامۆستا شاریکەندی وەک ئینسایکلۆپیدیایەکی ڕێ پیشاندەر و ڕێنوێن و ڕووناکی دەر و تەنانەت وەک پێشەنگی ڕووناکبیری و فیکری وپێشەوای زانستی و مەعریفی و خۆرێکی پڕشنگ هاوێژ و ژین بەخش، ببووه داڵده و ڕچەشکێن و ڕێ پیشاندەرێکی کاریزماتیکی سەرجەم فەقێ و مەلا و خوێندکار و قوتابی و مودەڕیس و مامۆستاکانی زانکۆ و چالاکانی بواری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و تەنانەت وێژەیی و کەلتووری. زۆریک له مامۆستاکانی زانکۆکان ڕێساله و تێزی دکتۆرایان به ڕێنووینی خۆبەخشانه و بێبەرانبەری مامۆستا شاریکەندی نووسی.

مامۆستا شاریکەندی کەسایەتییەکی یەگجار فره ڕەهەند و "مجمع الفضایل" و "بحرالعلوم" و "ذوفنون" بوو. جیا له بوارەکان و لقەکانی جۆراوجۆری زانسته ئایینی و ئیسلامییه باوەکان وەک: فیقه و ئوسوول و فیقهوللوغه و مەنتیق و ئاداب و تەفسیر و حەدیس و بەلاغه و وێژەی عاڕەبی و سەرف و نەحو و هەیئەت و نجووم و ئەستێرەناسی، هەروەها له مێژووی ئیسلام و مێژووی ئێران و مێژووی کورد و کوردستان و مێژووی ئەدیان و کۆمەڵناسی و فەلسەفەی ڕۆژئاوا و وێژە و ئەدەبی کوردی و فارسیدا سەردەرچوویی و شارەزایییەکی زۆری هەبوو. هەر بەو بۆنەوه و به بۆنەی پێوەندی دەگەڵ زانستگاکانی وڵاتانی ئیسلامی  و گۆڕینەوەی ڕا و بۆچوونی دەگەڵ زانستگای ئەلئەزهەری میسر و زانستگانی تر، خەڵاتی تایبەتی ئەو زانستگایانەی پێشکەش کرا بوو.

مامۆستا شاریکەندی وەک ڕێفۆڕمخواز وچاکسازێکی ئایینی دژ به ڕادیکاڵیزم و توندئاژۆیی، هەروەها وەک بیرمەند و ئیسلام ناس و شەرعزانێکی نوێخواز و ڕووناکبیرێکی دژبەری خوڕافەی ئایینی و دژی بەڕێچوون له ڕێی ئایین (=بژیو ئەندێشی ئایینی ) و دژ به چەوساندنەوەی خەڵک به نێوی ئایین، هەروەها وەک وێژاوەر و وێژەوانێکی کوردناس و کوردی زان و شارەزا له مێژووی کورد و کوردستان و وەک هزروانێکی شوناس خواز و ماف خواز و نەتەوه پەروەر، بۆ سەرجەم شارۆمەندان و چین و توێژەکانی جۆراوجۆری موکریان و دەرەوە ی موکریان و بەتایبەت بۆ چینی نوخبه و ئێلیتی گشت موکریان و بگره دەرەوەی موکریان جێی ڕێز وحورمەتی له ڕادە بەدەر و جێی شانازی و فەخر و هەوێنی هیوا و هومێدی دواڕۆژیان بوو.

هەر لەبەر سەرجەم ئەم تایبەتمەندییه بێ وێنانه بوو که گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگای موکریانی ئەو سەردەمه بۆ ڕا و تەگبیر و پرسیار و وڵام وەرگرتن له مەڕ کێشه و تەنگ و چەڵەمەکانی خۆیان و بۆکردنەوەی گرێ و گرفنچک و گرێ پووچکەکانی زەینی و فیکری و ئایدیۆلۆژیکی و فیقهی و تێئۆلۆژیکی و تەنانەت دەروونناسانه و بگره وێژەیی و کەلتووری خۆیان، وەک مەرجەعێکی باوەڕ پێکراوی بێ وێنه هانایان دەبرده بەر بارگای زانست و ئەندێشە و حیکمەت و تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی ئەم حەکیمه بلیمەته و ئەم زانا هەڵکەوتەیەی کورد تا له زەریای بێ بن و فره ڕەهەندی زانیاری و هۆزانی و چاکزانی و فرەزانی ئەم زاته خودا پێداوەدا خۆیان تێراو کەن وبه ڕادەی توانست و بڕشت و بیر و فامی خۆیان لێی هەڵێنجن.

له ڕاستیدا مامۆستا شاریکەندی داهات و سەرمایە و سامانێکی کۆمەڵایەتیی بێ وێنه بوو بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان کە به هۆی سپڵەیی و ناسپاسی و ناشوکری و ناتێگەیشتوویی و نەزانی و نەفامی و گەوجی و گەمژەیی و گەندەڵی، به بڕیاری ڕادیکاڵیسمی چەکمە ڕەقانەی توندئاژۆی و له تەمەنێکدا که تازه کاتی حاسڵاتی ئەو باغ و گوڵستانه پڕ بەهره و پڕ میوه و پڕ گوڵ  و پڕ عەتر و پڕ بۆن وبەرامەیه گەیشتبوو، بێ بەزەیییانه و شەخته ئاسا، دوژمنانی گەل و ئایین له ناویان برد.

مەخابن که ئێستاکه جێگه و شوێنی به تاڵ و له کیس چووی ئەم حەکیمه گەوره و ئەو خواناس و کوردناسه هەڵکەوتەیەی گەلەکەمان له هەر کات و سات و زەمەنێکی تر پتر هەست پێ دەکەین .یادەوەری گەورەیی و شکۆی ئەم حەکیم و خواناس و کوردناسه نەمره دەبێته هۆی ئەوه که پێداویستی و ئاتاجی و موحتاجی گەله چەوساوکەمان بەو پێشەنگ و ڕابەر و پێشەوایه لەو هەلومەرجه ناسکه مێژوویییەی ئێستادا، پتر و پتر وەبیر خۆمان بێنینەوه. بەڵکوو وردبوونەوه و خوردبوونەوه و تێڕامان و تێفکرین وخوێندنەوەی ڕەخنەگرانه و سەرلەنوێی بەسەرهاتی میژووی  ڕابردوومان پاڵنەر و یارمەتیدەەمان بێ بۆ پێناسەکردنی پاڕادۆکسیکاڵیتەی نێوان: نەتەوه و نەتەوی، ویار و نەیار، وبەره و دژبەرمان ...

بەڵکوو چی دی لەوه به دوا ئەو چیڕۆک و پێناسه و وەسف و ناسکردنەی شاعیر و بیرمەندی ڕاستگۆی گەلەکەمان مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو له بابەت گەلەکەمان  ڕاست نەبێ و وەراست نەگەڕی که دەفەرموێ:

مناڵەکان،

ئەی یاخییە ژین تاڵەکان،

سبەی ئێوه کە گەوره بوون،

له لاوکا،

له حەیرانا،

له مزگەوت و دیوەخانا،

له چیڕووکا،

له هۆنراوەی شاعیرێکی ترسەنۆکا،

ڕەنگه زۆرتان به رگوێ کەوێ،

باسی ئێمه و ئازایەتی،

باسی ئێمه و کوردایەتی،

به ڵام نەکەن بڕوا بکەن،

....................

....................

له کۆتاییدا و له زمان نزیکترین وخۆشەویستترین دۆست و هاوڕێ و هاوبیری دوا ساتەکانی ژیانی مامۆستا شاریکەندی، واته عەللامه ئەحمەدیان که له کاتی تەڵقین دادانی مامۆستا شاریکەندی و له نێوان چین و توێی گریان و ئەسرین و فرمێسک و هاوار و ناڵه و نکه و فیغان و ڕۆڕۆی حەشیمەتی 20 هەزار کەسی و له ناو جمبوورەی جەماوەر و ئاپۆرەی چین و توێژەکانی سەرجەم شار و گوندەکانی موکریاندا ئاوای گوت، ئێمەش هەر ئاوا دەڵێین:

"... پیرۆزبایی ئەو ماڵه تازەت پێ دەلێین که لەو دنیا هەراوه و دوای چل ساڵ کار و ماندووبوون، تەنیا خانوویەکی تازه و مڵکی تۆ، هەر ئەو بستە قەبره بووه!!!

ئەی کۆگای نوور و ڕووناکی، ئەی پێشەنگی ئیمانداری و دڵپاکی، ئەی ڕێنومای دینداری و کارچاکی، ئەی مامۆستا شاریکەندی، ئەی زانای هەڵکەوتووی کورد، دەڕۆی و خودات لەگەڵ بێ، بەهەشتی بەرین جێگەت بێ، خێر و خۆشی و ڕەزای خودات له پلەیەکی زۆر بەرزدا به نسیب بێ و هەر وەکوو ئەتۆ وەفریای هەمووکەس دەهاتی خوداش وەفریای تۆ بێ....."

به شێک له شێعرێکی کوردی مامۆستا شاریکەندی(=تەخمیس):

به گەرمی ئاوری سینەم عەجەب دڵ بۆ نەبرژاوه

به سەیفی قاتیعی هیجری ڕەگی مل چۆنە نەبڕاوە

له دووری میهری وەک موهری وجوودم غەرقی خوێناوه

له توغیانی قەتاری ئەشکی لێڵم بێ ئەسەر ماوه

موسافیرخانەی چاوم دەڵێی سێڵاوه لێڵاوه

سەرم گێژی خەیاڵاته له سەحرا و بادیەی مەیلا

وه کوو مەجنوونی سەرگه شته له عیشق و سۆزشی لەیلا

سەفینەی زاتەکەی ماتەم غەرق بۆ بوو له ناو سەیلا

دڵم کەوتۆته زاری و گاهگاهێ شین و واوەیلا

به زەعمی من له خەودا شەو پەری خۆیان نیشان داوه

تەماشای شەعشەعەی دوو نێرگسی کاتی پڕ ئازەرمی

دەڕێژێ خوێنی موشتاقانی مەفتوونی، بەبێ شەرمی

بەبێ هاویشتنی تیری موژەی قەلبم دەکا زەخمی

خەریکی جەزبی ڕۆحه، کافرەی زوڵفی به بێ ڕەحمی

له زومرەی زاهیره گەر چاوی فەتتانی دنەی داوه

نەخۆشه تایری ڕۆحم چ زۆره عیللەت و زامی

چەقاندی بەیرەقی هیممەت دەنێرێ پیاو و پەیغامی

ده ڵێ نایه وسووڵی مەقسەدی دڵ وەخت و هەنگامی

بڵێی هەروا بناڵێ عەندەلیبی دڵ به ناکامی

بڵێ پێی دوگمەیی سینەی له بۆ کێیه ترازاوه

ئەگە ر سەرکەیته پێ، سەد ڕۆژەڕێ له و دائیرەی ڕاکەی

به مەعلوومی کە دەتکێشێ کەمەندی زولفه تاتاکەی

منیش گیرۆده بووم بەینێ به قەیدی ئاڵ و واڵاکەی

وتم سەروی جیهان ئارا ئەرێ تۆ بی و خودا تاکەی

دیاری شوانه، ئاڵەکۆکی بۆ جێژنانه هێناوه ....